top of page

سلێمانی | 4 قاوەخانەی خنجیلانە لە سلێمانی.



ئێوارەیە و نازانیت بچیت بۆ کوێ لە سلێمانی؟ بە سەردان هاتویت بۆ سلێمانی و نازانی بچیت بۆ کوێ؟ حەزت بە خواردنەوەی قاوەیەک یان خواردنەوەیەکی ساردە و نازانیت روو بکەیتە کوێ؟ دوو دڵ مەبە لەم بلۆگە باسی 4 شوێنی خنجیلانە دەکەین لە سلێمانی کە کەشێکی ئارام و خۆشیان هەیە و دەتوانیت پشوویەکیان لێوەرگریت بە دەم قسەکردن لەگەڵ ئازیزانت.



ئاری گەلەری

ئاری گەلەری، شوێنێکی خنجیلانەی زۆر تایبەتە لە ناو بازاری سڵێمانی، دەکەوێتە سەر شەقامی مەولەوی و کەشێکی ئارام و هونەریانەی هەیە، لە دوای بازاریەک دەتوانیت لە وێ پشویەک وەربگریت چێژ ببینیت لە خواردنەوەیەکی سارد یان گەرم، هەروەها شوێنێکی گونجاوە بۆ خوێندنەوە و دەتوانیت هەر لەوێ کتێبێک لە کتێبخانەکەیان بکڕیت و لەگەڵ خۆت بیبەیتەوە.




قاوە و قاوەڵتی جان

ئەم شوێنە یەکێکە لە قاوەخانە تایبەتەکانی سلێمانی و دەکەوێتە گەڕەکی عەقاری، لێرە دەتوانیت لە کەشێکی ئارامدا چێژ لە نانێکی بەیانی وەربگریت، یاخود لەگەڵ هاوڕێکانت چێژ لە خواردەویەک ببینن لەگەڵ چەندین جۆری شیرینی جیاواز کە لێرە پێشکەش دەکرێن، خواردنەوەی دڵخوازی من لە جان کافێ چۆکۆلاتەی گەرمە، تامێکی زۆر تایبەتی هەیە بە تایبەت لە زستاندا وەکو باوەشێکی گەرم وایە.




بەهار لاونج

لەسەر شەقامی سالم و لە پشت کتێبخانەی گشتی سلێمانی لە ناو دارە بەرزەکاندا شوێنێک خۆی شاردۆتەوە بەناوی بەهار لاونج، ئەم شوێنە لە ڕووی دیکۆر و جوانیەوە یاریەکەی بردۆتەوە، لەوێ کەشێکی زۆر گەنجانە و کراوە هەیە، خەڵک دەچن بۆ کارکردن و سەعی کردن وە یاخود بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، لەوێ دەتوانیت ژەمێکی کوردەواری تاقی بکەیتەوە، دەتوانیت نانی بەیانی، نیوەڕۆ یان ئێوارە بخۆیت، هەروەها خواردنەوی سارد و گەرم و چەند جۆرێکی شیرینیان هەیە.




ڤینتەج کافێ

ئەم شوێنە لەشوێنەکانی تر بچوکترە، بەڵام دڵگیریەکەی لە ڕادە بەدەرە، دیکۆرێکی ئێجگار کلاسیک و ناوازەی هەیە، هەر حەز ناکەیت بێتە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەش ستافێکی بەڕێز و ئازیز، لەوێ خواردنەوەی سارد و گەرم و شیرینی هەیە، کە دەتوانیت لە کەشێکی ئارامدا چێژی لێببینیت.




لە کۆمێنت پێمان بڵێ سەردانی کامیانت کردووە و کامیان قاوەخانەی دڵخوازی تۆیە؟!





130 views0 comments
bottom of page