شاخەوانی | ڕۆژێک شاخەوانی لە چیایی پیربایز.
رۆژی شەممە ٢٠٢٣/٤/٢٢ گەشتێکمان کرد بۆ شاخی پیربایز لە ناوچەی شارباژێ. لوتکەی ئەم چیایە ١٧٣٤م بەرزە و دەکەوێتە نزیک گوندی بەرزەدێ.
سروشتی ناوچەکە لەم کاتەی ساڵدا زۆر سەوزە بە جۆرێک چاو تێر نابێت لە هەموو ئەو تۆنە جیاوازانەی رەنگی سەوزکە لە دار و درەخت و گژو گیا و گوڵە کێوییەکاندا دەیبینیت.

شاخەوانی لەم ناوچەیە تا رادەیەک سەختە و ڕێگاکەی پێویستی بە کەسی شارەزا هەیە، لە رێگاکەمان دوو کانیمان بینی کە ئاوێکی سازگار و پاکی هەبوو، بۆ خواردنەوە گونجاو بوو، هەر بۆیە کەل وپەلەکانمان لەوێدا دانا و بە بی جانتا و خواردن سەرکەوتین، تەنها ئاومان برد لەگەل خۆمان. لە رێگا زۆر جۆر گیای بەهاری و کێویی هەبوون، ئێمە ڕێواس و ترشۆکەمان خوارد، کە بەشی هەموو رۆژەکە وزەی پێبەخشین.


ئێمە شاخەوانیەکی لەسەرخۆمان کرد و پەلەمان نەبوو بۆ گەیشتن بە لوتکە، هەر بۆیە نزیکەی ٣ کاتژمێرمان ویست بۆ گەیشتن بە لوتکەی پیربایز، وە بە هەمان شێوە بۆ هاتنەوە ٣ کاتژمێر وە لە رێگای گەرانەوە حەزمان کرد کەمێک سەرکێشی بکەین و بە ڕێگەیەکدا رۆشتین کە پێشتر پێیدا نەرۆشتبوین.
لە دوای زیاتر لە 6 کاتژمێر شاخەوانی لە نزیکی خۆرئاوابوون گەڕاینەوە لای کانی یەکەم و هەر لەوێ نانێکی ئێوارەی سوکەڵەمان ئامادەکرد.

{لە کۆتایدا تکایە هەمیشە سروشت و ئەو شوێنەی بۆی دەرۆن بە پاکی بەجێبهێڵن}