پێڵاوی شاخەوانی | چۆن پێڵاوی گونجاو هەڵبژێرم بۆ گەشتەکانم؟!

شاخەوانی، چادرەوانی، بەردەوانی، شاخرەوی یاخود پیادەڕەوی، ئەگەر خولیای هەر یەکێک لەمانەت هەیە و حەز دەکەیت گەشتێکی لەم جۆرە بکەیت و پێویستت بە پێڵاوی تازەیە، یاخود یەکەم جارتە و دەتەوێت پێڵاوێکی باش بۆ گەشتەکانت بکڕیت، بەڵم نازانیت چی و چۆن و کامە هەلبژێریت، ئەوا تۆ لە شوێنی ڕاستیت، لەم بلۆگە باسی جۆرەکانی پێڵاوی شاخەوانی دەکەین و یارمەتیت دەدەین لە هەڵبژاردنی باشترین جۆریان کە گونجاو بێت بۆگەشتەکانت.

سەرەتا پێش ئەوەی دەست بکەین بە باسکردنی جۆرەکانی پێڵاو وا باشترە هەندێک لە تایبەتماندیەکانی پێڵاوی شاخەوانی باس بکەین، وە چی جیای دەکاتەوە لە پێڵاوی تر وە یاخود جۆرەکانی تری کالە کە ڕۆژانە بەکاریان دێنین؟
پێڵاو/کالەی ئاسایی | پێڵاوی شاخ | |
بە ئاسانی دەخلیسكێت | کەمتر دەخلیسكێت | خلیسکان |
بە دەگمەن دژە ئاون | زۆربەی جۆرەکانی دژە ئاون | دژە ئاو |
کێشیان کەم وسوکەڵەیە | کێشیان قورسە | کێش |
بنێکی سافی هەیە | بنێکی گرنج گرنجی هەیە | بنی پێڵاوەکە |
توانای پاراستنی قاچەکانیان کەمە | قاچەکان دەپارێزن لە روداوی نەخوازراو | پاراستن |
لێرەوە دەگەینە سەر باسی جۆرەکانی پێڵاو یان کالەی شاخەوانی:
یەکەم: کالەی شاخەوانی - Low cut

وەکو لە وێنەکەدا دیارە ئەم جۆرە شێوەی لە کالە ئەچێت, ئەم جۆرە بە شێوەیەکی گشتی کێشیان سوکەڵە ترە پاڵپشتێ لە قولەپێ ناکەن و بۆ گەشتی ئاسانی وەک شاخرەوی/پیادەڕەوی باشترن، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کات دژە ئاون بەڵام وا باشترە کە بۆ شوێنی تەڕ و شێدار وناو ئاو بەکار نەیەن چونکە بە ئاسانی قاچ و گۆرەویەکانت تەڕ دەبن، لەبەر ئەوەی کێشیان زۆر نیە بۆیە وا باشترە کە بۆ ئەو گەشتانە بەکار بێن کە کۆڵەپشتێکی سوکەڵەت پێیە و قورساییەکی زۆر ناچێتە سەر قاچەکانت، هەروەها ئەو کەسانەی کە پێشتر ئازار بە جومگەی پوقولەپێیان کەوتووە وا باشترە ئەم جۆرە بەکار نەهێنن چونکە پاڵپشیتی جومگەکان نەکات.
دووەم: پووتی شاخەوانی - High cut

پووتی شاخەوانی تا سەروو جومگەی قولەپێ دادەپۆشێت، ئەم جۆرەیان لە هەردوو جۆرەکەی تر بە هێزترە و بەرگەی هەموو جۆرە کەش و هەواو و ناو ئاویش دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزەرێکی زۆر باشە بۆ جومگەکانی قولەپێ بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر ئازار بە جومگەکانیان گەیشتوە، وە یان کۆڵەپشتێکی قورسیان پێیە.
سێیەم : نیو پووتی شاخەوانی - Mid cut

ئەگەر دووجۆرەکەی تر وەکو دوو جەمسەر وا بن، ئەوا ئەم جۆرەیان وەکو خاڵی ناوەڕاستە کە هاوسەنگی دەپارێزێت، نیو پووتی شاخاوانی تا سەر جومگەی قولەپێ دێت، ئەم جۆرە نەرمی و جوڵەیەکی زیاتری هەیە لە پووت، بەڵام بەهێزترە لە کالە، هەروەها پارێزگاری و پاڵپشتی جومگەکانی قولەپێ ئەکات، بەڵام وەکو پووت نا، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگریەکی زیاتری هەیە بۆ کەشوهەوای شێدار و تەڕ ، بەڵام وا باشترە بۆ ناو ئاو بەکار نەیەت.
باش ئەمە زانیمان جۆرەکانی پێڵاوی شاخەوانین چین و هەریاکەیان بۆ چ گەشتێک گونجاون، ئێستا با باسی چەند خاڵێکی تر بکەین:
١. پێڵاوە تازەکەت بشکێنە.
یانی چی پێڵاوەکەم بشکێنم، واتە کاتێك پێڵاوێکی تازە دەکریت لە ماڵەوە لەپێی بکە و یەخود چونەدەرەوەی کەم و چەند کاتژمێری پێوە بکە تا دەقی پێڵاوەکە بشکێت وە بزانە لە تەنیشتەکان، پێشەوە یان لە پشتەوە ئازاری قاچەکانت نادات. ئەم هەنگاوە وا دەکات کە لە رۆژی گەشتەکەت هیچ کێشەیەکت بۆ نەیەتە پێشەوە.
٢. دوای نیوەڕوان بڕۆ بۆ پێڵاو کڕین.
بۆ کاکە فەرقی چیە؟! با من پێت بلێم لە دوای نیوەڕوان و لای ئێواران قاچەکانت کەمێک ئاوساون لەبەر ئەوە بە درێژایی ڕۆژ کارت پێکردون و فشاریان لەسەر بووە، ئەم فشارە لە رۆژی گەشتەکەت بە هەمان شێوە روودەدات، بۆیە گرنگە کە پێڵاوەکان بە هەمان ئەو قیاسەبن، تا توشی نارەحتی نەبیت لە ڕۆژی گەشتەکەت.
٣. با پێڵاوەکەت لە قیاسی خۆت گەورەتر بێت.
بۆچی؟! چونکە رشتن لە ناو سروشت و بە ڕێگا بەردەڵانەکان جیاوازە لە ڕۆشتن بۆ بازار، ئەگەر پەنجەکانت بە بەردەوامی بەر پێشی پێڵاوەکەت بکەون ئەوا ئازاریان پێدەگات و لەوانەشە خوێنی لێ بێت، وە ئەگەر پێڵاوەکە زۆر گەورە بێت و قاچت لە ناویا زۆربجوڵێت ئەوا جومگەکانت ئازاریان ئازاریان پێدەگات و تەنانەت چانسی کەوتنت زیاتر دەبێت. بۆیە دەبێت پێڵاوەکانت یەک پەنجە لە قاچت گەورەتر بێت، واتە با نزیکەی ١ - ١.٥ سم پەنجەکانت لە پێشی پێڵاوەکە دوربێت.
٤. کاتی گۆرینە.
کەی پێڵاوی شاخەوانیەکەم فرێ بدەم ؟! ئەو کاتەی هەست ئەکەیت لە پێتا مورتاح نییە وە یان کە هەست ئەکەی بنەکەی گرنگیەکەی نەماوە و بەرەو سافبوون دەروات، ئەوە واتای ئەوەیە پێڵاوەکانت بەرەو مردن ئەڕۆن و کاتی گۆڕینیان هاتووە.
بەرەو بۆتایی بلۆگەکە ئەڕۆین و ئەوەندە ماوە پێتان بڵێم کە چەند براندێکی بەناوبانگی پێڵاوی شاخەوانی هەن لەوانە سالمۆن، کۆلۆمبیا، گۆرتێکس و زە نۆرس فەیس و چەندانی تر وە من هەموو پێڵاوەکانم لە شاخ ستۆر ئەکڕم لە سلێمانی، ئەوان براندی باشیان هەیە و نرخەکانیان گونجاوە. لێرە پەێجەکاشتان بۆ دائەنێم.