top of page

کۆڵەپشتی شاخەوانی | چۆن کۆڵەپشتی شاخەوانی ‌هەڵبژێرم؟ جۆرەکانی و قەبارە جیاوازەکان؟



پلانت هەیە کۆڵەپشتێکی شاخەوانی تازە بکڕیت، بەڵام نازانیت چۆن کۆڵەپشتێکی گونجاو هەڵبژێریت کە پێویستیەکانت پڕ بکاتەوە؟!

کەواتە تۆ لە شوێنە ڕاستەکەیت! لەم بلۆگە باسی جۆرەکانی کۆڵەپشت و قەبارەکانیان دەکەین و یارمەتیت دەدەین لە هەڵبژاردنی باشتریان بۆ تۆ.


یەکەم شت کە پێویست ئەکات بیزانین ئەوەیە ئایا ئەم کۆڵەپشتە بۆ چ جۆرە گەشتێک بەکار دەهێنین؛

- گەشتی یەک ڕۆژەی شاخەوانی و پیادەڕەوی؟

- گەشتی مانەوی چادرەوانی یەک شەوە؟

- گەشتی مانەوەی چادرەوانی چەند شەوە؟


بۆ هەر یەکێک لەم گەشتانە پێویستت بە پیداویستی جیاواز دەبێت بە قەبارەی جیاواز هەر بۆیە گرنگە یەکەم شت بزانیت زۆرینەی گەشتەکانت لە کام جۆرەیە تا بە پێی ئەوە کۆڵەپشتی گونجاو هەڵبژێریت.


قەبارەی کۆڵەپشت؛

گرنگە بزانین کام قەبارەی کۆڵەپشت گونجاوە بۆمان و دەتوانین کامەیان هەڵگرین بە پێی کێش و قەبارەی جەستەمان، قەبارەی کۆڵەپشتی شاخەوانی/چادرەوانی لە 15-20 لیترەوە دەست پێدەکات تا 80 لیتر و هەندێک براند کۆڵەپشت تا 110لیتر دروست دەکەن.



بۆ گەشتی شاخەوانی یان پیادەرەوی یەک ڕۆژە لە 20-45 لیتر گونجاوە بە پێی ئەو پێداویستیانەی لەگەڵ خۆت دەیانبەیت و هەروەها بە پێی کێش و باڵای خۆت دەبێت گونجاو بێت.

بۆ گەشتی مانەوەی چادرەوانی یەک بۆ دوو شەوە، لە 40-60 لیتر گونجاوە، بیرت بێت هەندێک گەشتی چادرەوانی لە نزیک ئۆتۆمبێلەکەت دەبێت و دەتوانیت بەشێک لە کەلوپەلەکانت لەوێدا بەجێبهێڵیت و هەندێ گەشتی تر بە پێ ڕۆشتنی تێدەکەوێت تا دەگەیتە شوێنی چادرەوانییەکە، هەر بۆیە دەبێت ئەم خاڵەنە لەبەرچاو بگریت لە کاتی هەڵبژاردنی کۆڵەپشتەکەت.


قەبارەکانی تری خواروو 30 لیتر و سەروو 60 لیتر بۆ ئەو گەشتانە بەکاردێن کە تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم دەخایەنێت یاخود لە 3 شەو زیاتر وە هەندێک کات بۆ گەشتی دوور و شارە و شار یان نێوان وڵاتان بەکاردێت.



جگە لەمە دەبێت لە خۆت بپرسیت کە ئایا ئەو تایبەتمەندیانە چیە کە تۆ پێویستت دەبێت لە کۆلەپشتەکەتدا؛

- دەتەوێت گیرفانی زۆر بێت تا هەر کەل و پالێک و شوێنی تایبەتی خۆی هەبێت؟

- دەتەوێت یەک گیرفانی گەورەی هەبێت و هەموو شتەکانت لە یەک شوێن جێگە بکەیتەوە؟

- دەتەوێت شوێنی تایبەتی هەبێت بۆ هەڵگرتنی کیسە خەو و چادر؟

- دەتەوێت دژە ئاو بێت یاخود پارێزەری بارارانی هەبێت؟


هەندێک جانتا هەیە گیرفانی زۆرەو بە قەبارەی جیاواز بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلی جیاواز، بە نمونە دەکرێت بەشی سەرەوەی گیرفان بێت و لە بەشی دەرەوە چەند گیرفانێکی جیاوازی هەبێت، وە یان دەکرێت لە ناوەوە چەند گیرفانێکی هەبێت، دەکرێت لە بەشی دەرەوە شوێنی هەڵگرتنی بوتڵی ئاوی هەبێت، وە هەندێکی تریان تەنها یەک بەشی گەورەی هەیە بۆ هەڵگرتنی هەموو کەلو پەلەکان.



ئەکرێت کۆڵەپشت شوێنی تایبەتی هەبێت بۆ هڵگرتنی کیسە خەو و چادر وە دەشکرێت لە بەشی دەرەوە قایشی هەبێت بۆ هەڵواسینی کیسە خەو و چادرەکەت، وە یان هەر کەل و پەلێکی تری وەکو کوپ و چەقۆ... هتد.

زۆرینەی ئەو کۆڵپشتانەی دروست دەکرێن دژە ئاون یاخود لە گیرفانێکی بچوکدا لە بەشی بنەوە پارێزەرێکی بارانی هەیە بۆ کەشووهەوای باراناوی، بۆیە گرنگە ئەگەر لە وەرزە بارانیاویەکاندا گەشت دەکەیت، بیرت بێت بۆ ئەم تایبەتمەندیە بگەڕێیت لەو کۆڵەپشتەی دەیکڕیت.



کۆتا شت ئەوەیە کە کۆڵەپشتەکە تاقی بکەیتەوە و رەچاوی ئەم چەند خاڵ بکەیت؛

١. قایشی کەمەر ببەستە و بە پێی کەمەرت توندی بکە.

٢. قایشی شانەکانت توند بکە.

٣. دەبێت کۆڵەپشتەکەت تا سەر سمتت بێت.

٤. ئەگەر لە کاتی گەشتەکەت هەستت کرد کۆڵە پشتەکەت قورسە، قایشی کەمەرت بکەرەوە و شانەکانت توندتر بکە، پاشان دوای ماوەیەک کارەکە پێچەوانە بکەرەوە.

٥. هەمیشە بیرت بێت کە گوێ لە جەستەت بگریت و بزانە بە چ شێوەیەک هەست بە خۆشی دەکەیت، بەو پێە کۆلەپشتەکەت توند بکە.



بیرت نەچێت ئەگەر توانیت ئەو کۆڵە پشتانە بکڕە کە لە مەوادی ریسایکڵ دروست دەکرێن تە کەمترین کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر ژینگە درووست بکەن.


بە هیوای گەشتێکی خۆش و سەلەمەت بۆ هەمووتان.






3 views0 comments
bottom of page