top of page

گەشتی هەفتە | دۆڵی زۆرەگڤان و ئەشکەوتی شانەدەر

گەشتی ئەم هەفتەیەمان بۆ دەڤەرە دڵگیرەکەی بارزان بوو، لە سلێمانیەوە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی بەرێکەوتین، و نزیکەی ٥ کاتژمێر بەرێوە بووین تا گەیشتینە دۆڵی زۆرەگڤان.

دۆڵی زۆرەگڤان نزیکەی ٢٥٧کم لە سلێمانی و ١٣٣کم لە شاری هەولێرەوە دوورە، ئەوێ وەکو سەیرانگایەک وایە کە خەڵکی بۆ سەیران و پیادەرەوی یاخود چادرەوانیش سەردانی دەکەن، سروشتێکی زۆر دڵرفێنی هەیە، پڕە لە داری بەرز و گژ و گیا، هەروەها ئاوێکی سازگاری بەخوڕی هەیە کە جوانی ناوچەکەی دوو هێندە کردووە.




کاتێک بەرەو ناو سەیرانگاکە دەڕۆیت، بە تولە رێگەیەکی باریکدا دەڕۆیت تا دەگەیتە ناو سەیرانگاکە و ئەو شوێنانەی بۆ سەیران گونجاون، لە هەندێک شوێن پردی نزمی لە ئاسن درووست کراو هەن بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆی سەردانیکەران.




کاتێک بە ناو دۆڵەکەدا و بەو ڕێگە باریکەدا دەرۆیت، بەردەوام بەرسروشتی جوانی ناوچەکە دەکەویت،و گوێت لە دەنگی خوڕەی ئاو دەبێت کە ئارامی و وزەیەکی زۆر دەبەخشێت بە هەر کەسێک کە بەوێدا تێدەپەرێت.



بەدێژایی رێگەکە شوێنی دانیشتن هەیە، بۆ سەیران و چادرەوانی، ئێمە بە ڕێگاکەدا رۆشتین تا گەیشتینە نزیکی سەرچاوەکە، و هەر لەوێ دانیشتن و ژەمی نیوەڕۆمان خوارد، و پاش ئیسراحەتێک بە هەمان رێگادا گەڕاینەوە.




ئەم جارە بەرەو یەکێک لە گەورەترین و کۆنترین شوێنەوارەکانی کوردستان بەڕێکەوتین، ئەشکەوتی شانەدەر، ئەشکەوتی شانەدەر دەکەوێتە چیای برادۆست و ٨٢٢م لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە، رێگای گەێشتن بە ئەشکەوتەکە کراوە بە پلیکانە، هەر بۆیە سەرکەوتن و گەیشتن بە ئەشکەوتەکە ئاسانە و بۆ هەموو تەمەنێک گونجاوە.

چەندین لێکۆڵینەوە لە ناو ئەم ئەشکەوتە کراوە، و چەندین ئاسەواری کۆن دۆزراونەتەوە کە مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠,٠٠٠ بۆ ٦٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش.




لە کۆتاییدا، سوپاس بۆ کوردستان ئاوتدۆر بۆ ڕێکخستنی ئەم گەشتە ناوخۆییە ناوازانە و بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری

گەشت وگوزاری.

19 views0 comments
bottom of page