top of page

گەشتی یەک ڕۆژە | چۆن جانتای شاخەوانیەکەم ئامادە بکەم بۆ گەشتێکی یەک ڕۆژە؟!



هەموومان ناو بە ناو پێویستمان بە دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵیەکانی ناو شار هەیە و ڕوو لە سروشت دەکەین بۆ بە سەربردنی ڕۆژێکی ئارام، چ گەشتێکی شاخاوانی یان پیادەرەوی بێت بە ناو سرشتدا پێویستە ئامادەکاری تەواو بکەین بۆ ئەوەی ڕۆژێکی خۆش بێ سترێس بەسەربەرین.


لەم بلۆگە باس لەو پێداویستیانە دەکەین کە بۆ گەشتێکی یەک ڕۆژە پێویست دەکات لەگەڵ خۆمان بیبەین، جا ئەگەر گەشتەکە شاخەوانی بێت یاخود پیادەڕەوی بێت بە تەختە رێیەکدا.




١. پێڵاوی شاخ


یەکەم و گرنگترین شت کە پێویست ئەکات زۆر لە سەرەتاوە گرنگی پێبدەی پێڵاوە، بەڵام بۆچی؟!

ڕێگاکان لە ناو سروشت ئەکرێت بەردەڵان، خۆڵاوی، قوڕاوی، خلیسک، گژ و گیا یان تەنانەت ئاو بن، واتە کاتێک ڕێگا دەگریتە بەر نازانیت کام لەمانەت لە پێشە، هەر بۆیە گرنگە هەمیشە پێڵاوێکی وات لە پێدابێت کە بەرگەی هەموو ئەمانە بگرێت، پێڵاوی شاخەوانی بۆ پارێزگاری کردن لە قاچەکان دروست دەکرێن، و بە شێوەیەکی گشتی ئەم تایبەتماندیانەی هەیە:

  • بنێکی ئەستوور و گرنج

  • بەشی پێشەوەی کەڤەرێکی ڕەقی هەیە بۆ پارێزگاری کردن لە پەنجەکان.

  • بەشی ناوەوەی پێڵاوەکە نەرمە و ئازار بە قاچەکەن ناگەیەنێت.



٢. جانتای شاخەوانی


کاتێک گەشتێکی شاخەوانی یان پیادەڕەوی دەکەیت بە ناو سروشتدا، هەموو ئەو کەل و پەل و خواردنانە پێتە لە جانتایەک لەگەڵ خۆت هەڵی دەگریت تا هەر کات و لە هەر کوێیەک ویستت یان پێویستت پێی بێت دابنیشیت بۆ ئیسراحەت، هەر بۆیە جانتای شاخەوانی گرنگی خۆی هەیە، پێویست ئەکات جانتاکەت توند و تۆڵ بێت و بەرگەی کێشی هەموو ئەو شتانە بگرێت کە لەگەڵ خۆت دەیانبەیت، هەروەها تا گیرفانی زۆرتر بێت باشتر تا بە ئاسانی جێگەی شتەکانت بکەیتەوە و هەر کەل و پەلێکی جیاوازی وەک ئاو و خواردن و بابەتی پاکەرەوە لە گیرفانێکی جیاواز دابنێت تا بە یاسانی بیاندۆزیتەوە.



٣. جل و بەرگی شاخ


جل و بەرگی شاخ دەبێت پێش هەموو شتێک بە جۆرێک بێت کە بتوانیت زۆر بە ئاسانی جوڵەی پێوە بکەیت، نابێت تەسک بێت و ڕێگربێت لە هەنگاو هەڵهێنان، هەمیشە وا باشترە کە ئەو پارچانە هەڵبژێریت کە دژە ئاون، یاخود توانای زوو وشک بونەوەیان هەیە، هەوڵ بدە ئەو پارچانەی هەڵیان دەبژێری گیرفانیان زۆر بێت تا بتوانیت ئەو شتانەی پێوەستن بە ئاسانی لە بەردەستت بن، وەک مۆبایل یان کلێنکس.

شتێک کە وا باشترا کە ڕەچاوی بکەیت ئەوەیە کە رەنگی زەق و دیار لەبەر بکەیت، تاوەکو بە ئاسانی ببینرێت و وێنەکانیشت جوانتر دەرەچن. بیرت نەچێت کە لە وەرزی پایز و بەهاردا هەمیشە جلی زیادە یان چاکەتێکت پێبێت، چونکە بەتایبەت لەم دوو وەرزە کەشوهەوا ناجێگیرە.



٤. ئاو


یاسایەک هەیە دەڵی، یەک لیتر بۆهەر کاتژمێرێک بۆ هەر کەسێک، بەڵم ئەگەر بیری لە بکەیتەوە ئەمە زۆەرە و قورسە بۆ هەڵگرتن، لەێرەدا تۆ پێویستت بە تەنها یەک یاسا هەیە ئەویش ئەوەیە گوێ لە جەستەی خۆت بگریت، بزانە رۆژانە چەند ئاو دەخۆیتەوە و بە پێی ئەوە یان کەمێک زیاتر ئاو لەگەڵ خۆت بەرە بۆ گەشتەکەت، بیرت نەچێت لە کاتی شاخەوانی و بەتایبەت لە کاتی سەرکەوتن هەوڵ بدە کەمترین ئاو بخۆیتەوە، بەم شێوەیە کەمتر هیلاک دەبیت و لادانی کاتیت کەمتر دەبێت.



٥. خواردن


هەمیشە وا راهاتوین لە کاتی گەشت و سەیران خواردنێکی زۆر لەگەڵ خۆمان دەبەین و زۆرینەی کاتەکەمان خۆمان بە خواردنەوە خەریک دەکەین، بەڵام لە گەشتی شاخەوانی وا خۆشترە ژەمێکی سوکەڵە لەگەڵ خۆت بەریت و زۆرینەی کاتەکەت بە گەڕان بەناو سروشتدا بەسەربەریت.

هەوڵ بە ئەو خواردنانە لەگەڵ خۆت بەریت کە وزەیەکی کەمیان پێویستە بۆ هەرسکردن وسوکەڵەن لەسەر گەدە، بیرتان نەچێت هەتا ئەتوانن دور بکەونەوە لە بەکارهێنانی کەل و پەلی سەفەری و نایلۆن، وە خۆڵ و خاشاکەکەتان کۆ بکەنەوە و لەگەڵ خۆتان بیهێنەوە تا لە زبڵدانێک فرێی بدان نەک لە ناو سروشت.



٦. کەل و پەلی خواردن


هەروەک باسمان کرد، هەتا ئەتوانن دور بکەونەوە لە بەکارهێنانی کەل و پەلی سەفەری کە یەک جار بەکاردێت و مەوادێکی زۆری زیان بەخش دەخاتە ژینگەوە، ئەتوانیت لە ماڵەوە هەموو پێداویستیەکانی خواردن لەگەڵ خۆت بەریت، بۆ هەر کەسێک قاپ و کەوچک و چەتاڵێک بەسە لەگەڵ کوپێک ئەگەر بتانەوێت چا یان قاوە دروست بکەن، وە ئەتوانن دەبەی ئاو ستیل یان هەر جۆرێکی تر کە دوبارە بەکاریەتەوە لەگەڵ خۆتان بەرن.




٧. بابەتی پاک و خاوێنی


یەکێک لە گرنگترین ئەو شتانەی کە پێویستە لە هەر گەشتێک پێت بێت بابەتی پاک و خاوێنی کەسییە، ئەوانیش کلێنکسی تەڕ و وشک، سابون یان جێڵی پاکەرەوی کهولی، کیسەی خۆڵ، هەروەها پلاستەر بۆ برین.



لە کۆتایدا بیرتان نەچێت سروشت ئەو هەموو جوانییەی بە ئێمە بەخشیووە، کەمترین شت کە بتوانین بیکەین ئەوەیە کە تێکی نەدەین.

بە هیوای گەشتێکی خۆش و سەلامەت بۆ هەمووتان.


56 views0 comments
bottom of page