top of page

گەشتی یەک ڕۆژە | گەشتێک بۆ گوندی سەرگەت و گوندی دەرەی مەڕ لە خورماڵ.



لە ڕۆژێکی هاوین و گەرمی مانگی ٨ بریارماندا گەشتێک بکەین بۆ خورماڵ و بە دیاریکراوی گوندی سەرگەت و گوندە چۆڵکراوەکەی دەرەی مەڕ.


گەشتەکەمان لەگەڵ نوسینگەی گەشتیاری کوردستان ئاوتدۆر دەستی پێکرد، بەرێکەوتین بۆ خورماڵ و لەوێ وەستاین بۆ نانی بەیانی، و پاشان بەڕێکەوتین بۆ گوندی سەرگەت.


بۆ گەیشتن بە ئەشکەوتەکان و و گوندی دەرەی مەڕ، لە ناو گوندی سەرگەت وەستاین و لەوێوە بە پێ بەڕێکەوتین، بە درێژایی ڕێگاکە بە ناو تونێلی دار و نزیک ئاو و کانی رێمان کرد، تا گەیشتینە ئەشکەوتی یەکەم، و هەر لەو نزیکانە جۆگەلەیەکی ئاوی سارد بە لاماندا خوڕەی دەهات، لەوێ شتەکانمان داناو و بەڕێکەوتین بەرەو خانوە ئەشکەوتیەکان، رێگاکامان بۆ دەرەی مەڕ کەمێک سەخت تر و گەرمتر بوو، بەڵام لە کۆتاییا گەیشتینە جێ.


گوندی دەرەی مەڕ بە نزیکەی 10کم لە سەنتەری خورماڵ دورەو و دەکەوێتە دامێنی زنجیرە شاخەکانی سورێن، ئەم گوندە تا ئێستا هیچ مێژوویی نووسراوی نیە، بەڵام بە پێی گێڕانەوەکان، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 1400 پێش ئێستا.


دەرە بە واتای چەند و مەڕ بە واتای ئەشکەوت، ناوی گوندەکە بە کوردی سۆرانی دەبێتە چەند ئەشکەوت، لەم گوندە ژمارەیەکی زۆر ئەشکەوت هەیە کە هەندێکیان سروشتین و بەشێکیشیان دەسکردن، لە زۆربەی ئەشکەوتەکان مەڕ و ماڵات بەخێوکراون و هەندێ کاتیش بۆ پارێزگاری لە ساردی زستان و باوبۆران و یاخو شەڕ خەڵکی گوندەکە لە ناو ئەشکەوتەکان ژیاون.


وەکو باس دەکرێت گوندەکە تا ساڵانی 2003 ئاوەدان بووە و خەڵک لێی نیشتەجێ بوون، بەڵام پێش ئەوە و لە ساڵانی 1979 گوندنشینانی دەرەی مەڕ گوازراونەتەوە بۆ ئۆردوگاکانی خورماڵ و لە 1991 وەک یەکەم گوندی ناوچەکە ئاوەدان کراوەتەوە و وەکو پەناگەیەک بەکارهاتووە بۆ خۆ حەشاردان و خەباتکردن بۆ شۆرشی کوردی.


لێرەوە ئێمە بە ناو گوندەکەدا گەڕاین و پاشان بەرەو ئەشکەوتی یەکەم بەڕێکەوتینەوە، لەوێ ژەمێکمان خوارد و بەرەو خورماڵ گەڕاینەوە و لەوێ یەکیک لە خۆشترین دۆندرماکانمان خوارد کە بە شیری مانگا دروست دەکرێت.


ئەگەر ئەتانەوێت بزانن چی لە جانتاکەم هەبوو، بۆ گەشتێکی یەک ڕۆژە، دەتوانن لێرەوە خوێنەری ئەو بابەت بن.


لە کۆتاییدا ئەمەوێت بلێم، تکایە لە کاتی گەشتکردن ژینگەی چواردەورتان پارێزن، تا دەتوانن کەلوپەلی پلاستیکی بەکارمەهێنن و پاشەرۆکانتان بەجێماهێڵن.


لەگەڵ وێنەکان بەجێتان دەهێڵم





27 views0 comments
bottom of page